ز کوی یار می‌آید نسیم باد نوروزی

از این باد ار مدد خواهی، چراغ دل برافروزی 

به صحرا رو که از دامن، غبار غم بیفشانی

به گلزار آی کز بلبل، غزل گفتن بیاموزی!  
چەرخی گەردوون جارێکی تر سووڕا، ساڵێکی تر لە تەمەن تێپەڕی و بەهارێکی تر بە لەنجە و لار و شادمانەوە سەری هەڵدا. سروەی نەورۆز، بارگەوبنەی زستانی پێچایەوە و بە بۆن و بەرامەی دڵڕفێنی، پەیامی پشکوتن، نوێبوونەوە و چالاکی بە گوێی جیهاندا چرپاند. زەوی جلی سەوزی پۆشی، دار و درەخت بە کڵووک ڕازانەوە و بولبولەکان دەستیان کردە سۆزە خوێندن و دڵە بێ‌قەرارەکان، دڵخۆش و شاوان بوون.
هاوکاتبوونی ڕۆژوو و نەورۆژ کە یەکیان ڕۆح ژەنگ‌سڕێن دەکا و ئەوەی تر سروشت دەڕازێنێتەوە، لە ڕووی ئیمانی و پەروەردەیی نیعمەتێکی چەندقاتە؛ وێنایەکی جوان لە هاوکاتیی بەهاری ڕۆژژمێر و بەهاری مەعنەوییە!
لە ڕوانگەی قوڕئانییەوە، ئافراندن هەڵسەنگێندراو و ئامانجدارە و شەریعەت و سروشت لەلای یەک واتا دەبەخشن. لەو ڕووەوە، پەروەردەکراوانی قوڕئانی، هەر دڵۆپە ئاوێک لە ڕاستای ئامانجێکی دیاریکراودا دەبینن، بەهار بە هێمایەک لە ڕۆژی پەسڵان دەزانن، هەر گەڵایەکی سەوز بە لاپەڕەیەک لە کتێبی ناسینی خوا و کەوانەی مانگ بە دەرفەتێک بۆ چاوخشکاندن بەسەر کردەوەکانی خۆیدا دەزانێت. بەو شێوە سروشت بە هێمایەک لە پێناسە و ناوەکانی خوا و شەریعەت بە پارێزەر و ڕێنمای گەشە و ئاوەدانی ئەو دەزانن. گۆڕانکاریی وەرزەکانیش بۆ ئەوان بیرخەرەوەی بێداری و ئیلهام‌بەخشینی خواناسییە.
جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، وێڕای بیرخستنەوەی ئەو پێوەندییە قوڵ و ئیلهام‌بەخشە و ئاواتەخوازیی قبوڵبوونی تاعات و عیباداتی موسوڵمانان لەو مانگە پیرۆزدا، ساڵێکی لێوانلێو لە ئاشتەوایی، ئاسوودەیی، شادومانی و کامەرانی بۆ تەواوی هاوڵاتیان و بەتایبەت ئەندامان و لایەنگرانی خۆی بە ئاوات دەخوازێت.
پێوەندییە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح
۳۰ی ڕەشەمەی ۱۴۰۳